بەشی نێودەوڵەتی: بەربەستی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ئاکتەوبری 2024 و دەستەوەستانیی پەرلەمانتارانی نوێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان یان پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێ بۆ ئەو هەرێمە لە لایەک و بۆشایی دەسەڵات لە ئەنجامی تەشەنەی ناکۆکییەکانی نێوان دوو پارتی سەرەکیی هەرێم واتە پارتی دیموکراتی کوردستان(KDP) و یەکیتی نیشتمانی کوردستان(PUK) لە لایەکی ترەوە، دواجار بووە هۆی ئەوەی "محەمەد سولەیمان" سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان لە بزووتنەوەی بەرەی نوێ لە سەرەتای مانگی مەی ئەمساڵدا، بە فەرمی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان ڕاگەیێنێت و لە نامەیەکدا بۆ نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێم، خوازیاری پشتڕاستکرانەوەی بڕیارەکەی لە لایەن دەوڵەتی هەرێمەوە بێت، چونکە بە گوێرەی ئەو، پەرلەمان نەیتوانیوە لە ماوەی 45 ڕۆژی دیاریکراودا لە دەستووری هەرێمی کوردستان، لیژنەی سەرۆکایەتی خۆی پێکبهێنێت.
پارتی و یەکێتی بەڵام بەرهەڵەستی ئەم بڕیارە بوونەوە و بە هەنگاوێکی یەکلایەنە و لە دەرەوەی یاسای دەزانن. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر بە گوێرەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئەگەر پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی دیاریکراودا نەتوانێ بگاتە ئاستی دیاریکراو یان ئەرکەکانی ڕانەپەڕێنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەرلەمانەی هەیە. هەر بۆیە دوای دانیشتنی کورتی 3ی دیسامبێری پەرلەمان، خود پارتی و یەکێتی یەکەمین حزبەکانی هەرێم بوون کە چیتر لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بەشدار نەبوون.
کارناسانی یاسایی لەوبارەیەوە هوشدار دەدەن کە شەرعیەتی پەرلەمانی کوردستان بە شیوەی کردەکی هەڵوەشاوەتەوە و دەڵێن: چیتر هیچ پێوەرێکی یاسایی بۆ هەڵپەسێرانی پەرلەمانی کوردستان نییە و ئەو دەزگایە بە یەکجاری شەرعیەتی نەماوە و ئەگەری دەستێوەردانی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە کاروباری پەرلەمان و بە تایبەت ڕەفزی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان وەک ئەوی لە ساڵی 2018دا ئەنجامی داوە، هەیە.
کەلێنی قووڵی پارتی و یەکێتی
لە ئێستادا کابینەیەکی کاتیی بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی و بە بەشداریی نوێنەرانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حزبی سۆشیاڵی دیموکراتی کوردستان و گرووپە کەمینەکان دەوڵەتی هەرێمی کوردستان ئیدارە دەکات و لەمناوە گۆڕان ئەگەرچی تەنیا یەک کورسیی لە 2024 بەدەست هێناوە، چەندین وەزارەتخانەی لە بندەستدایە. ڕاپۆرتەکان دەڵێن، بڕیار بووە وەزارەتخانەکانی شەهیدان و ئەنفال ڕادەستی یەکێتی بکرێت، بەڵام بەربەستی سیاسی هەرێم بۆتە ئاستەنگێک لە بەردەم ئەم ئاڵوگۆڕییە و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش لە نێوان ئەو دوو حزبەدا جێی مشتومڕن.
لە لایەکی ترەوە دانوستانەکانی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە هۆی پێداگریی یەکێتی بۆ دانانی قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەختی پارتی لە داشداریی حکوومەت بە لانیزۆری دەنگەکانی هەڵبژاردنی 2024، بێئاکام ماوەتەوە و پێدەچی یەکێتی دەیەوێ لەم پاشاگەردانییە بۆ گرتنەبندەستی کورسیی سەرۆک کۆماریی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەهرە ببات.
بەوەشەوە ڕاپۆرتەکان باس لە دانوستانی ئەو دوو حزبە بۆ دیاریکردنی لیستی هەڵبژاردنی هاوبەش بۆ پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ئاکتەوبری داهاتوو دەکەن.
ڕۆڵی دیاری ئۆپۆزیسیۆن
لەم بۆشایی سیاسییە، ڕۆڵی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان پڕڕەنگتر بووە و بەرەی نوێ بە 15 کورسی لە ئیستادا بۆتە سەرەکیترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنو حزب و گرووپەکانی تریشی وەک کۆمەڵی دادگەری کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی هەڵویستی نیشتمانی و بەرەی گەل، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیان ڕەت کردۆتەوە و حزبە باڵادەستەکان بە "گەندەڵی سیستماتیک" تۆمەتبار دەکەن و مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی ئێستای هەرێم کە لە لایەن دوو حزبەوە قورغە کراوە، بە ناکارمە و کۆتاییپێهاتووی دەزانن.
ڕەهەندە ناوچەییەکان
گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بۆشاییدا ڕوو نادەن و پارتی کە کۆنتڕۆڵی هەولێر و دهۆکی پێیە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تورکیا هەیە و یارمەتی ئەنقەرە دەدات لە هێرش بۆ سەر پەکەکە و لە بەرامبەردا یەکێتی لە سلێمانی و حەڵەبجەدا سەقامگیرە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیە. هەر بۆیە کارناسان لایان وایە کە قەیرانی ئێستای دەسەڵاتی هەرێم، ڕەنگدانەوەی ڕکابەریی بەربڵاوتری وڵاتانی ناوچە لە هێزنواندن لە هەرێمە.
لە بەرامبەردا ئەمریکا خوازیاری سەقامگیریی هەرێمە و واشنتۆن داوای لە حزبە کوردییەکان کردووە کە خێرا بگەنە ڕێککەوتن، بۆوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا وەک بەشێک لە ستراتژیی کۆنتڕۆڵی جیهانی نەوت دەست پێبکاتەوە.
دوا هەنگاو
ئەگەرچی هەندێک لە پێشکەوتی دانوستانەکان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حزبە بالادەستەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام بەبێ پەرلەمانێکی چالاک، هەڵبژاردنی سەرۆک حکوومەتی نوێی هەرێم یان کابینەیەکی نوێ نامومکینە و مەترسیی بۆشایی یاسایی لە جێی خۆیەتی.
بۆیە وەک کارناسان دەڵێن، هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی لە ئیستادا باشترین ڕێکارە بۆ ڕزگاریی هەرێمی کوردستان لەم قەیران و بەربەستە سیاسییە و ئەوەش پەیوەستە بە یەکڕیزی سیاسیی حزبەکانی هەرێم.
Your Comment